بەپێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت.ع. ابنا: سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا رایگەیاند، پێویستە هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا کێشەکانیان چارەسەر بکەن. دەشڵێت "برا کوردەکانمان نەکردە ئامانج و خزمەتگوزارییەکانمان بۆ ئەوان کراوە بوون''.
لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیادا کە پرسی بودجەی 2018ی تێدا تاوتوێکرا، سەرۆکوەزیران بینالی یڵدرم لەبارەی گشتپرسیی سەربەخۆیی باشووری کوردستان قسەی کرد و باسی لە چەند پرسێکی پەیوەست بە کوردستان و عێراق کرد.
یڵدرم گوتی "ئارامی و سەقامگیریی عێراقی دراوسێ بۆ ئێمە شتێکی دەستلێهەڵنەگیراوە. لەم تێگەیشتنەوە لەماوەی رابردوودا کە ئیدارەی کوردی باکووری عێراق بە ئەنجامدانی گشتپرسییەکی نامەشروع یەکێتیی سیاسی و یەکپارچەیی عێراقی کردە ئامانج، ئەو کاتە ئێمە لایەنگیریی حکومەتی عێراقمان کرد''.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا پاڵپشتیی لە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی گشتپرسی دەکات و دەڵێت "ئەو دادگایە هەڵوێستی تورکیای بە حەق زانیوە. لەگەڵ ئەوانەشدا برا کوردەکانمان نەکردە ئامانج و خزمەتگوزارییەکانمان بۆ ئەوان کراوە بوون''.
بینالی یڵدرم جەختیکردەوە و بە پێویستی زانی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن.
لەبارەی خاڵە سنوورییەکان، بینالی یڵدرم رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی خاڵی سنووری لەلایەن حکومەتی ناوەندیی عێراقەوە، لە دیلۆک کۆدەبنەوە